دکتۆر فازڵ نەبی: کێشەکانی بەغدا و هەرێم ئاسانن و ئەگەر بیانەوێ چارەسەر دەکرێت



دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا دەڵێت”لەبابەتی بودجە وتومە بەغداد دەیەوێت قەوارەی هەرێم بچوک بکاتەوە، بەداخەوە برادەرانی ئێمەش سەرکەوتوو نەبوون لەبودجە، ئێستاش کێشەکە لەوەدایە بەغداد دەیەوێت خۆی ڕاستەوخۆ لەوەزارەتی دارایی خۆیەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، بەڵام هەرێمیش دەڵێت، دوای هەموواری یاسای بودجە دەبێت پارە بێتە هەرێم و خۆم موچە دابەش بکەم”

ئاماژە بەوەشدەکات ، بەغداد ئێستا داوای وردەکاری سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دەکات نەک تەنها ناوەکان، بەڵام هەرێم ڕەنگە ئامادە نەبێت وردەکاری و ناوی هێزە ئەمنیەکان بدات،دەشڵێت” پێشتر ئێمە لە وەزارەتی دارایی بوین هەمان شت ڕویدا دەزگا ئەمنیەکانی عێراق ئامادەنەبوون ناو و وردەکاری خۆیان بدەن بەئێمە کەوەزارەتی دارایی بوین”.

فازڵ نەبی ئاماژە بەوەشدەکات، پێشتر کە قسەم دەکرد ڕەنگە هەرێم گوناهی زۆرتر بوبێت لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، بەڵام لەم ماوەیەدا بەغداد گوناهی زیاتری هەیە و شەڕ بە هەرێم دەفرۆشێت، سەرەڕای ئەوە هەرێم و بەغداد متمانەیان بە یەکتر نیە، لە هەموو حاڵەتەکاندا کێشەکان ئاسانن و ئەگەر بیانەوێ چارەسەر دەکرێت.

دەشڵێت”کێشەی ئێستای نێوان هەرێم و بەغداد زۆر زۆر ئاسانە ئەگەر بیانەوێ چارەسەری بکەن، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگای پێدانی موچەی ڕاستەوخۆ بەفەرمانبەرانی هەرێم دەسەڵاتی خۆی بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە، بەڵام مومکینە هەرێم قبوڵی نەکات کە عێراق ڕاستەوخۆ موچە بداتە فەرمانبەرانی هەرێم، چونکە ئەوە کاریگەری دەبێت لەسەر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم ئەگەر هاتوو موچە ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە خەرج بکرێت.

دەربارەی دەستوەردانی دەرەکی لەبابەتی کێشەکانی هەرێم و بەغدا، فازل نەبی دەڵێت” ڕەنگە هەرێم پێی خۆش بێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی من عێراق ڕێگەنادات لایەنی سێییەم دەستوەردان بکات لە چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان هەرێم و بەغداد.

لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت” هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێناکاتەوە، لەبەر دوو لایەن، لایەنی سیاسی، ئێران کە هەژموونی بەسەر عێراقدا هەیە زۆری پێناخۆشە و ئەو نەوتە لە ڕێگای تورکیاوە بفرۆشرێت و ئەمەشی بە حکومەتی عێراقی وتووە، کە نایەوێت جارێکی تر نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە بفرۆشرێت، ماوەیەکیش لەوەوپێش هەوڵیدا بۆرییەک لە ڕێگای بەندەر عەباسەوە نەوتی هەرێم ڕەوانەی دەرەوە بکرێت ئەوە ویستی ئێرانە، لایەنی دووەمیش تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمە، کە لە یاسای بودجە دیاریکراوە، هەرێمیش ناتوانێت بڵێ من نەوتی خۆم لە ڕێگای تورکیاوە دەفرۆشم ئەوە موستەحیلە جارێکی تر، بۆیە کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وەک جاران کێشەیەکە مەگەر تەنها خوای گەورە بتوانێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە و چارەسەری بکات ئەگەرنا چارەسەرکردنی موستەحیلە، هەرچەندە ئەگەر بیانەوێت چارەسەری دەکەن، بەڵام بەمەحاڵی دەبینم.

ئەمریکا و عێراق لە بواری هاوکارییەکان پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکەن
پێت ئەمریکا و عێراق لە بواری هاوکارییەکان پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکەن
سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی فلای بەغدا ڕاگیران
دوات سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی فلای بەغدا ڕاگیران
پەیوەنیدر