ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێڵی ئاسمانی “فلای بەغدا”ی عێراقی ڕایگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵدەوەشێننەوە، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراق لە سزاکانی ئەمریکا هێشتا هەڵپەسێردراون.
کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بڕیارە لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “لە ئێستادا ناتوانین هەژمارە بانکییەکانمان بەکاربهێنین بەهۆی ڕاگیرانیانەوە، بۆیە ناتوانرێت فلای بەغدا تێچووی ئەو تکتانە بگەڕێنێتەوە بۆ گەشتیاران کە بڕیاربوو گەشت بکەن، هەروەها ناتوانن هیچ تکتێک بۆ گەشتی هیچ هاووڵاتییەک دابین بکەن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەو کۆمپانیایە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا بەشیر عەبدولکادیم ئەلوان ئەلشەیبانی بە “پێشکەشکردنی هاوکاری” بۆ سوپای قودس، باڵی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران تۆمەتبار کرد، کە لەڕێگەی کۆمپانیاکەوە هاوکارییەکانی بۆ ئەو گروپانە و هاوکارەکانیان لە عێراق و سوریا دابین دەکات.