پارێزگاری هەڵەبجە و بەرپرسی یەکەمی حزبە سیاسییەکان بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگەکان کۆبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی جێگرانی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی حیزبە سیاسییەکانی هەڵەبجە کۆبووەوە.
پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، “ئامانجی کۆبوونەوەکە، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بوو لە پارێزگای هەڵەبجە و لە هەمان كاتدا پشتیوانیکردنیش بوو لە داوای ڕەوای مامۆستایان”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەمووان جەختیان لەوەکردەوە پێویستە حکومەتی هەرێم داواکاری ڕەوای مامۆستایان جێ بەجێ بکات، ساڵێکی خوێندنی قوتابیان و خوێندکارانیش نەفەوتێت و پێکەوە هەمووان ئەم ساڵی خوێندنش بەسەرکەوتووانە کۆتایی پێ بهێنن، بە جۆرێك مافی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانیش لەبەرچاوبگیرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو کە “ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەش جەختی لە پشتیوانیكردن لە داوای مامۆستایان كردەوە و پاڵپشتی خۆی بۆیان دەربڕی”.