هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ نزیکدەبێتەوە، تا ئێستا مووچەی ئەم مانگە و سێ مانگی ڕابردوو دابەشنەکراون، هاووڵاتییان نیگەرانن لەنێوان هات و نەهاتی مووچە.
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئەو کاتەی هەمواری یاسای بودجە دەکرێتەوە، تا ئێستا کات و میکانیزمی ناردنی پارەکە دیار نییە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “ناردنی ٦١٨ ملیارەکە بۆ هەرێم پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکاری کارگێڕی هەیە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارەکە دەگاتە هەرێم”.
وتیشی، “ئەم پارەیە وەک تمویل دێت بۆ هەرێمی کوردستان وەک پێشووتر قەرز نییە، کە لە پشکی ٪١٢.٦٧ هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دەبێت، تا ئەو کاتەی هەمواری یاسای بودجە دەکرێتەوە”.
دارا سێکانیانی سەبارەی بە هەمواری یاسای بودجە ئاماژەی بەوەکرد، “یاسای بودجە پەیوەندی بە تەواوی گەلی عێراق هەیە، بۆیە دەبێت ڕێککەوتنی سەرجەم لایەنەکانی لەسەر هەبێت، بەڵام پێویستە کورد یەک دەنگ بێت تا بتوانن لۆبیەک دروست بکەن لەناو ئەنجومەنی نوێنەران، تا هەموارەکە لە بەرژەوەندی شایستە داراییەکانی هەرێم بێت، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە”.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندترینی نێوان ململانێکانی حکومەتی عێراق و هەرێمن، چونکە قەیرانی مووچە مەترسی لەسەر بژێوی ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە.
لەم بارەیەوە ناوبراو وتی، “ئێستا باس لەوە دەکرێت کە بودجە لە نەفەقاتی فیعلی-ەوە بۆ خەرجی حاکیمە بگوازرێتەوە، ئەمە ئەگەر دەنگی لەسەر بدەین و ببێت بە یاسا ئەو کاتە پاڵپشتی یاسایی دەبێت، حکومەت پێوەی پابەند دەبێت “.
سەبارەت بە کاتی ناردنی پارەکە دارا سێکانیانی ئەوەشی خستەڕوو، “عێراق بە گشتی مووچە لە ١٨ تا ٢٥ مانگ دابەشدەکرێت، بەڵام دیاریکردنی ڕۆژەکەی ئاسان نییە، چونکە هەندیکجار گرفت لە ڕێکارە کارگێڕییەکان دروست دەبێت”.
چەند جارێکە وەزارەتی دارایی عێراق گرفت لە لیستی ناوی مووچەخۆرانی هەرێم ڕادەگەیەنێت، بەڵام هەرێم ڕەتیدەکاتەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، “دارایی عێراق چەند جارێک ئاماژەی بەوەکردووە کە هەڵە لە ناوی مووچەخۆرانی هەرێم هەیە، وەکو ئەوەی ناوەکان بە فۆنتی کوردی بوون یاخود ناوی دووبارە هەبووە، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێم داتاکان بە وردی و بێ هەڵە بۆ بەغدا بنێردرێت، بۆئەوەی نەبێتە بیانوویەک و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوابکەوێت”.
سەبارەت بە بایکۆتی مامۆستایان دارا سێکانیانی ڕایگەیاند، “بەهۆی سیاسەتی نا تەندروستی دەسەڵاتدارانی هەرێم، ماوەی چەند ساڵێک دەبێت بایکۆتی مامۆستایان دووبارە دەبێتەوە، بەهۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان”.
لەبارەی ڕۆڵی نوێنەرانی کورد لە بەغدا وتی، “چەند جارێک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆبووینەتەوە و پێمان ڕاگەیاندووە، لە ماددەی ١٤ دەستووری عێراقدا هەموو هاووڵاتییانی عێراق لە ماف و شایستەکانیان یەکسانن، نابێت مووچەخۆرانی هەرێمیش باجی کەموکورتییەکانی حکومەتی هەرێم بدەن”.
وتیشی، “ئێمە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردییەکان لە پەرلەمان واژۆمان کۆکردەوە بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێم دابینبکرێت و دوانەکەوێت”.