وتەبێژی سەربازیی محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند، وەك كردەوەیەکی شەڕانگێزی مامەڵە لەگەڵ بۆردومانەكانی ئەمریكادا دەكەن و ئەوەی پێویستیش بێت بۆ پاراستنی گیانی عێراقییەکان ئەنجامی دەدەن.
لیوا یەحیا ڕەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حزبوڵای عێراقی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “لە بڕیارێكی ڕوون و ئاشكرا بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق، ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر یەكە سەربازییەكانی سوپا و هێزەكانی حەشدی شەعبی”.
ڕاشیگەیاند، بۆردومانەکان ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست دەکەن و ساڵانێك لە هەماهەنگی نێوانیان تێک دەدات و دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری عێراق.
یەحیا ڕەسول جەختیشیکردەوە کە وەك كردەوەی شەڕانگێزی مامەڵە لەگەڵ بۆردومانەكانی ئەمریكا دەكەن و ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی عێراقییەکان دەیکەن.
ئەم لێدوانەش دوای بۆردومانەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر چەند بارەگایەکی حزبوڵای عێراقی هات کە لە ئەنبار و بابل کرانە ئامانج.
ئەمریکا ئەو گروپەی نێو حەشدی شەعبی بە بەرپرس دەزانێت لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا.