نزیكەی 10 هەزار و 464 خێزان لە 10 پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق له شوێنەكانیان كۆچیان كردووە.
ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا هۆشداری لە ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی عێراقی لە ناوچەكانیان بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە نیوەیان بەهۆی نەمانی بژێوی ژیان و سەرچاوەی داراییان، كۆچ بۆ ناوچەكانی دیكەی وڵات دەكەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست ڕێكخراوەكە كەوتووە، نزیكەی 10 هەزار و 464 خێزان لە 10 پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق له شوێنەكانیان كۆچیان كردووە و هۆكاری سەرەكیش دیاردەی وشكەساڵی و گۆڕانەكانی كەشوهەوا و كەمبوونەوەی ئاوە.
جیۆرجی جیگۆری، سەرۆكی نێردەی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی له عێراق، لەو بارەیەوە ڕایدەگەیەنێت، ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لەساڵی 2018ـەوە چاودێری رووداوەكانی گۆڕانی كەشوهەوا له ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكات و بۆیان دەركەوتووە، گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەرییەكانی هێندە بەهێزن كە بووەتە هۆكاری كۆچكردن. دەشڵێت، ئەگەر ئەم گۆڕانە ژینگەییانە زیاتربن، ئەوا رێژەی كۆچی دانیشتووان زیاتر بەرزدەبێتەوە.
باس لە ئەوەش كراوە، وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاو، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەرتی كشتوكاڵ دروستكردووه و وایكردووە زۆرێك لەو خێزانانە نەتوانن سەرچاوەیەكی پێویست و بژێوی ژیانیان لە ناوچە گوندنشینەكاندا هەبێت، هەر بۆیەش ئەو خەڵكانە بۆ ناوەندی شارەكان كۆچ دەكەن و بەدوای هەلی كار و بژێویی ژیانیاندا دەگەڕێن.
رێكخراوەكە لە توێژینەوەیەكدا كە له ساڵی 2021 ئەنجامیداوە دەڵێت، زیاتر لە نیوەی ئەو خێزانانەی كۆچیان كردووە خەڵكی بەسرەن و ناتوانن خواردنی رۆژانە و پێداویستییە بنەڕەتیەكانیان دابین بكەن. هەروەها 53%ـی خێزانەكان هیچ گرەنتیەكی داراییان نییە و دەرفەتی كار و پشتیوانی بۆ زەوییەكانیان بەدی ناكەن.