محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، دووەمین كۆنگرەی بەغدا بۆ هاریكاری و هاوبەشی رۆڵی پێشەنگی عێراقی لە ناوچەكە و جیهان دووپات كردەوە.
محەمەد شیاع سوودانی دوای بەشدارییكردنی لە دووەمین كۆنگرەی بەغدا بۆ هاریكاری و هاوبەشی كە لە عەممان پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو و گەڕانەوە بۆ بەغدا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق نووسیوویەتی: “دووەمین لووتكەی بەغدا كە ئوردنی برا میوانداریی كردبوو، رۆڵی پێشەنگی عێراقی لە ناوچەكە و جیهان دووپات كردەوە، و دەبێتە سەكۆیەك بۆ گەشەسەندنی ئابووری و هاوبەشیی جددی كە ناوەندەكەی بەغدای ئاشتی دەبێت”.
محەمەد شیاع سوودانی سوپاسی سەرجەم وڵاتانی بەشداربووی لە كۆنگرەكەدا كردووە و نووسیوویەتی “بەردەوام دەبین لە كاركردن لەگەڵ برا و دۆستان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ئابووری و پەرەپێدانەكانمان بۆ خزمەتكردن بە گەلە بەڕێزەكەمان”.
دوێنێ سێشەممە، بە بەشداریی شاندی وڵاتانی فەڕەنسا، عێراق، توركیا، ئێران، سعوودیە، قەتەر، سوڵتاننشینی عومان، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن و میسر دووەمین كۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریكاری و ھاوبەشی لە ئوردن بەڕێوەچوو.
بەشداربووانی دووەمین “كۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریكاری و ھاوبەشی” دوای كۆتاییهاتنی كارەكانی كۆنگرەكە لە راگەیەندراوێكدا پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئاڵنگارییەكان بە تیرۆریشەوە، دووپات كردەوە.