سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی دەربارەی بایکۆتی کاڵای ئێرانی دەڵێت، ئەم بڕیارە تەندروست نییە، سعودییە و تورکیا بژاردە نین و کاڵاکان ٥ هێندە زیاتر لەسەر هاووڵاتی دەکەوێت.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ لە دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند،” بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی پەیوەندی نییە بە ئێمەوە وەک ژوورە بازرگانییەکان، بەڵکو ئەمە بڕیارێکە دەبێت حکومەت بە ڕاوێژ لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان پاش هەڵسەنگاندنەکان بیدات، ئەگەر هاووڵاتی خۆی دەتوانێت بڕیاری بایکۆت بدات، کە کاڵاکەی نەکڕی لەناو بازاڕ مایەوە ئەو کات بازرگانەکەش هاوردەی ناکات”.
ئاماژەی بەوەشداوە، کاڵاکانی ئێران هەرزانتر دەکەوێت لەسەر هاووڵاتی هەرێم، چونکە هەم سنوورەکانی نزیکە و کرێی هاتووچۆی کەمە، هەم حکومەتی وڵاتەکە پاڵپشتی زۆری کەرتەکانی خۆی دەکات.
دەربارەی جێگرەوەی ئێران لەکاتی بایکۆتدا، نەوزاد غەفور ئاماژەی بەوەدا، بژاردەی سعودیە و تورکیا بژاردەیەکی باش نییە و کاڵاکان پێنج هێندە لەسەر هاووڵاتیان دەکەون، بۆ نمونە ئەگەر کیلۆیەک تەماتەی ئێران لەسەر هاووڵاتی ٥٠٠-١٠٠٠دیناری عێراقی بکەوێت، لە سعودیە یان تورکیاوە بێت نزیکەی ٣٠٠٠-٥٠٠٠ هەزار دەکەوێت چونکە کرێی گواستنەوە و کاڵاکەش لەو وڵاتانە گرانترن.
جەختیشی کردەوە، بڕیاری بایکۆت هەروا ئاسان نییە، چەنکە لەم سنوورە ئەگەر ئەوە ببێتە بڕیار نزیکەی ٤٠ هەزار کەس لە خاڵە سنوورییەکانی سلێمانی هەلی کار لەدەست دەدەن.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، “تورکیا نزیکەی ساڵێکە ئاسمانی فڕۆکەخانەی سلێمانی داخستووە، چەندە زیان بە بازرگانانی ئێمە و هاووڵاتیانیش کەوتووە، بچوکترین هەڵوێستمان لە هیچ کام لە ژوورە بازرگانیەکانییەکانی تر، نەبیست لەکاتێکدا بازرگانانی ئێمەش وا ساڵێکە لەزیاندان، ئێمەش خۆمان داوای بایکۆتی کاڵای تورکیمان نەکردووە، چونکە هەمان شتە کە چۆن بۆ کاڵای ئێرانی باسی دەکەین”.
وتیشی: ئەو بڕیارەش جێبەجێ بکرێت عێراق پێوەی پابەند نابێت ئەو کاتە کاڵاکانی ئێران دووبارە لە ڕێگای مەرزی مونزریەوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، ئینجا ئەوکات دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوەی بازرگانی کە ئەمەش زیانێکی گەورەترە، هەموومان ئەو کارەساتەمان پێناخۆشە و کەسیش ناتوانێت هەڵوێستی کوردایەتیمان بەوە بەسەردا بسەپێنێ، بەڵێ پێمان ناخۆشە، بەڵام مرۆڤ لە خانەوادەی خۆی کەس لەدەستدەدات و ژیانیش ناوەستێت، ئەگەر وایە با حکومەت گومرگەکان دابخات و بیکاتە فەرمی ئەوکات ئێمە پێوەی پابەند دەبین”.