قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە رێکخستنەوەی ژێرخانی کار و بازرگانی لە هەرێم و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.
رۆژی سێ شەممە، ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە ئەنجومەنی وەزیران، جێگری سەرکی حکومەت لەگەڵ چەند وەزیرێک و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە، راپۆرتی چۆنییەتی رێکخستنەوەی ژێرخانی کار و بازرگانی خرایەڕوو، کە بەهاوکاری لەگەڵ چەند ڕاوێژکارێکی وڵاتی هۆڵەندا و چەند ڕێکخراوێکی تایبەتمەندی بوارەکە ئامادەکرابوو.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم کاری بازرگانی و وەبەرهێنان کرابوو، بە تایبەتیش ئەو گرفت و کێشانە خرابوونەڕوو کە رووبەڕووی خاوەنکار و کۆمپانیا نوێیەکان دەبنەوە.
باس لە پڕۆژەی ئەو گەنجە داهێنەرانەش کرابوو، کە خوازیاری ژینگەیەکی لەبارترن لە ڕووی ئیداریی و یاسایی و ئابوورییەوە بۆ پەرەپێدان و بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە بوارە جیاجیاکانی وەبەرهێنان و بازرگانی.
قوباد تاڵەبانی، جەختی کردەوە، کە دەبێت هەموو دامودەزگاکانی حکومەت هاوکاری کارسازان و ئەو کەسانە بن، کە بیرۆکەی داهێنەرانەیان هەیە لە بواری بازرگانیدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بڕیار پەسەندکران لەبارەی چۆنییەتی کارئاسانی کردن بۆ بازرگانان و کارسازان و دامەزراندنی کۆمپانیای نوێ و کەمکردنەوەی ڕۆتین و پاراستنی موڵکداریی فیکریی و هزریی داهێنەران.
هەر لە کۆبونەوەکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپێردرا بابەتی کارسازیی و داهێنان بکرێتە پرۆگرامی خوێندن لە خوێندنی باڵادا.