لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر دەستیپێکرد، هاووڵاتییان ئیدانەی هێرش و بۆردوومانەکان دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە هاوشێوەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دژی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەخت خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئیدانەی هێرش و بۆردوومانەکانیان کرد.
لە پارکی نالی شاری سلێمانی خۆپیشاندان و ناڕازیەتی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان لە دژی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر ئەنجامدرا.
خۆپیشاندانەکانی سلێمانی لەکاتێکدایە کە هەولێر، دهۆک و زاخۆ چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئەنجامدەدەن، ئەمڕۆش لە سۆران، ڕانیە، هەڵەبجە و سلێمانی خۆپیشاندان دەستیپێکرد.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئێران لە ڕێگەی ١١ مووشەکی بالیستیەوە هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، بەهۆیەوە شەش هاووڵاتیی بریندار بوون و چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.