بەرگری شارستانی هەولێر دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “کارگوزارە فلیپینییەکە نەتوانراوە بدۆزرێتەوە”.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرگری شارستانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە کاتژمێر ١١:٢٨ی شەودا ئێران هێرشێکی مووشەکی کردەسەر ماڵی “پێشڕەو دزەیی” لە شاری هەولێر، دوای نزیکەی ١٢ خولەک لە ڕووداوەکە تیمەکانمان گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیانکرد بە گەڕان و لێکۆڵینەوەکان”.
ئاماژەی بەوەکرد، کە تیمەکانی بەرگری شارستانی ڕۆژی دووەم و سێیەم بە ١١ تیم گەڕان و پشکنینیان لە شوێنی ڕووداوەکە کردووە، ڕۆژی چوارەم بە ١٦ تیم و ڕۆژی پێنجەم بە ٨ تیم، بە گشتی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و لێکۆڵینەوەکان لە ڕێگەی ٣٠٠ کارمەندەوە ئەنجامدراوە.
لە کۆنگرەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە پاش هەفتەیەک لە گەڕان و پشکنین نەتوانراوە تەرمی یەکێک لە کارگوزارەکان بە ناوی ” مێشڵی میندۆزا”ی تەمەن ٤٢ ساڵ بدۆزرێتەوە و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە، بەڵام چەند پارچەیەکمان دۆزیوەتەوە و ناردوومانە بۆ پشکنین کە بزانین هی کام لە قوربانییەکانە.
باسی لەوەشکرد، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانەوە بۆمان دەرکەوتووە کە بەشی پێشەوەی بیناکە بە تەواوی خاپور بووە،کە شوێنی نیشتەجێبوونی کارگوزارە فلیپینیەکە بووە.