وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوێنێ ڕایگەیاند، سزا بەسەر فلای بەغداد و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی فڕۆکەوانی عێراقدا دەسەپێنێت، بەڵام فلای بەغداد ڕەتیکردەوە گەشتەکانی ڕابگرێت.
هێڵی ئاسمانی فلای بەغداد ڕەتیکردەوە گەشتەکانی ڕابگرێت، پاش بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ ئەوەی بخرێتە لیستی سزاکانەوە، بە تۆمەتی گواستنەوەی چەک و پارە بۆ سوپای پاسداران و کوتلە چەکدارەکانی ئێران.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمپانیاکە داوای لە سەرنشینی گەشتەکانی کردووە “لە کاتی گەشتەکانیان دڵنیاببنەوە”.
ئێوارەی دوێنێ پشێوییەک لە فڕۆکەخانەی بەغدا دروستبوو، پاش بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیای “فلای بەغداد”، هاوکات بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فلای بەغداد.
بەپێی ڤیدیۆکان کە بڵابوونەوە، گەشتیاران لە دوبەی ناچاربوون ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەن لە دوای ئەو کاتەی کە بۆیان دیاریکرابوو، بۆ گەڕانەوەیان بۆ بەغداد لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی فلای بەغداد.