سەردار عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆنفرانسی دووەمی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی کۆتایهاتنی دووەم کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، بەدڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم ئەم كۆنفرانسە دەلالەت لەوە دەكات ئەم بزووتنەوەی گۆڕانە ئەتوانێت لە سبەینێوە متمانەی دەنگدەرە دێرینەكانی و خەڵكی كوردستان بە گشتی بە جۆرێك بە دەستبێنێتەوە كە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان سەركەوتنێكی چاوەڕواننەكراوی زۆر گەورە تۆمار بكات.
وتیشی:”ئەو جەماوەر و هەڵسوڕاوانەی توانیان 25 كورسی و توانیان بزووتنەوەی بكەنە هێزی دووەم و هێزێكی گەورە، بۆیە پێشتر ئەمەمان كردووەو شتێكی تازە نیە مادام پێشتر كردوومانەو سەركەوتنمان تۆماركردووە ئێستا هەر زەڵاتەیە”
راشیگەیاندووە، گفتوگۆکردن لەم کۆنفرانسە مانای ئەوەیە ئەم بزووتنەوەیە بەشی ئەوە كادرو سەركردەو هەڵسوڕاوو دڵسۆزی هەیە كە ئەتوانێت سەركەوتنی لەوەی 25/7/2009 زۆر گەورەتر تۆمار بكات، ئێمە بەم كۆنفرانسە هاتینەوە سەر رێگا راستەكەی نەوشیروان مستەفا
سەردار عەبدوڵڵا، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت:”لێرەوە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم خۆتان ئامادە بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئاڵا نیلییەكەتان هەڵگرنەوە ئەچینەوە ژێر سێبەری كاك نەوشیروان سەركەوتنی گەورە بەدەستدەهێنینەوە، جارێكی تر پرۆسەی سیاسی و موعەدەلەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەو جۆرە ئەگۆڕین كەلە خەونی ئێوەیە گوزەرانتان چاك دەكەین”.