بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ كۆبۆتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا، كە وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادەبوو، دۆخی سیاسیی رۆژئاوا و ھەرێمی كوردستان و پێشھاتە سیاسییەكانی پەیوەست بە پرسی كورد تاوتوێ كرا و جەخت لە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان كرایەوە.
مەزڵوم كۆبانێ ڕایگەیاندووە، ڕۆژئاوا هاوكاری و پشتیوانییە بەردەوامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناكات، كە بەردەوام پشتیوانێكی ڕاستگۆ و دڵسۆزی ئێمە بوون، بەتایبەت هێزەكانی دژەتیرۆر، كە ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە سەرخستنی پڕۆسە ئەمنی و سەربازییەكانی ڕۆژئاوا دژ بە داعش هەبووە و ئەمەش جێگای شانازیمانە.
لەبارەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گرفتەكانی بەردەم پرسی كورد لە ناوچەكە، مەزڵوم كۆبانێ وتی، “هەموو هەوڵێكمان لەپێناو ئازادیی كورد و پاراستنی مافەكانمانە”.
لای خۆشیەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان دووپاتكردەوە و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا.
وتیشی، “بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت و گەشەی زیاتری پێدەدەین. یەكێتی خۆی بە خزمەتكاری هەموو كورد دەزانێت، كوردبوون شانازیمانە و مانەوەمان پەیوەستە بە یەكبوون و یەكڕیزیمانەوە”.
سەرۆكی یەكێتی ڕوونیكردەوە، یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی ڕۆژئاوا پاراستنی ماف، كەلتوور و زمانی كوردییە لە ناوچەكە و بۆ ئەمەش بەشانازییەوە پشتیوانتان دەبین. دەستپێشخەرییە نیشتمانییەكەی یەكێتیش لەپێناو یەكبوونی گەلی كورد و یەكگوتاریمانە لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان و پاراستن و بەدیهێنانی مافەكانمان. دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت و ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت، ئەمەش میراتی سەرۆك مام جەلالە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.