دوابەدوای بڕیارەكەی ژووری بازرگانی هەولێر بۆ بایكۆت كردنی كاڵای ئێرانی، ژووری بازرگانی تاران ڕایدەگەیەنێت، گوێ بە هەوراز و نشێوە كاتییەكان نەدەن و هاوردەكردن و بەكارهێنانی كەلوپەلی ئێرانی بایكۆت نەكەن.
وەكو كاردانەوەیەك دژی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر لە هەفتەی ڕابردوودا، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە بڕیارێكدا داوای لە بازرگان و هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان كرد، بایكۆتی هاوردەكردن و بەكارهێنانی كەلوپەلی ئێران بكەن.
لای خۆشیەوە، ژووری بازرگانی تاران ئەمڕۆ دوو شەممە 22-1-2024 لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیارەكەی ژووری بازرگانی هەولێر لەبارەی بایكۆتكردنی كەلوپەلی ئێرانی “زۆر جێگەی داخە.”
ڕاشیگەیاندووە، “ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان لە ئەم ساڵی هەتاویدا نزیكەی سێ ملیار دۆلار بووە، نابێت هەنگاوێك بنێن زیان بە پەرەسەندنی پەیوەندی ئابووریی نێوان دوو لایەن بگەیەنێت.”
جەختیشی كردۆتەوە، “ئەوە یەكەمجار نییە هەوراز و نشێوی جیهانی سیاسەت، ئیرادەی دوو لایەن بۆ بەردەوامیی پەیوەندیی ئابووری لەمێژینەیان تاقی دەكاتەوە، بۆیە داوا لە ژوورە بازرگانییەكانی عێراق، بەتایبەت پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، گوێ بە هەوراز و نشێوە كاتییەكان نەدەن و هاوردەكردن و بەكارهێنانی كەلوپەلی ئێرانی بایكۆت نەكەن”.