سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا “ميت” باس لە پرسی ئەمنی و ئاو و پارێزگای سلێمانی دەكەن و تیشكی خستەسەر ئەو پێشێلكاریانەی دەرهەق بە پارێزگای سلێمانی و شارەكانی دیكە دەكرێن.
ماوەی نزیكەی ساڵێكە، حكومەتی توركیا قەدەغەی هاتووچۆی فڕۆكەوانی خۆی خستۆتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی سلێمانی داخستووە و سلێمانی تۆمەتبار دەكات بە هاوكاری كردنی هێزەكانی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆك كۆمار لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا و شاندی یاوەری.
سەبارەت بە پرسە ئەمنییەكان، سەرۆك كۆمار جەختی لە بایەخی هەماهەنگی و ڕاوێژ كردەوە بە تایبەت لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا، بەشێوەیەك كە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بچەسپێنێت و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گەلانی ناوچەكە بهێنێتەئاراوە.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەو بابەتە هاوبەشانە كرد، كە هەردوو وڵات لە بوارەكانی مێژوویی، ئابووری، بازرگانی و كلتوریدا بەیەكەوە گرێ دەدەن و جەختی لە گرنگی گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی پرس و بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، كە هەردوولا خاوەنی سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی گەورەن و پێویستە وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت بۆئەوەی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و خۆشگوزەرانی بەدەستبهێنرێت.
سەبارەت به پرسی ئاو، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر پێویستی رێككەوتنی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو لەبری ئەو بەردانەوە پچڕپچڕەی، كه لەلایەن توركیاوە لە كاتە جیاوازەكاندا ئەنجامدەدرێت، لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتوان بەردەوام لەزیادبووندایە و پێویستی ئاو بەردەوام زیاتر دەبێت بەپێی زیادبونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانی كەشوهەوا و بەرفراوانبونی بە بیابانبوون.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەدا، كە عیراق لەگەڵ دۆست و دراوسێكانی كاردەكات لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری و بڕیارە سەربەخۆكانی دەوڵەتان و گەیشتن بە لێكتێگەیشتن سەبارەت بە ئاسایشی سنورەكان لەگەڵ دراوسێكان و رەتكردنەوەی ئەو كارە تاكلایەنانەی، كە ئاسایش و ئارامی تێكدەدەن.
سەرۆك كۆمار تیشكی خستەسەر ئەو پێشێلكاریانەی دەرهەق بە پارێزگای سلێمانی و شارەكانی دیكە دەكرێن و كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو پێشێلكاریانەی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات ڕوونكردەوە، كە ئەو دۆخە پێویستی بە چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە هەیە لەچوارچێوەی بنەماكانی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی هاووڵاتیانی.
لای خۆیەوە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عیراق و خواستی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هاریكاری بەتایبەتی لە بوارەكانی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەربڕی و جەختی لەوە كردەوە، كە ئەردۆغان دەخوازێت سەردانی عیراق بكات، بەڵام سەردانەكەی بەهۆی دۆخی كەرتی غەزەوە دواخراوە.
ئیبراهیم كاڵن ئاماژەی بەوەشدا، كە وڵاتەكەی كاردەكات بۆ پەرەپێدانی ئەو پڕۆژانەی پێشتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ كرابوون بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا، هەروەها جەختی لەوە كردەوە، كە وڵاتەكەی سوورە لەسەرئەوەی عیراق پشكی ئاوی خۆی بەدەستبهێنێت، هەروەها لیژنەی هاوبەش هەیە لەسەر ئەم پرسە و هیوادارن پێكەوە كار بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم دۆسیەیە.