کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێتە بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەیە.
سۆزان مەنسور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە دوای دانیشتنەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە، لەلایەن پارتی تەقەدومەوە، داوایەکی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە پێشکەش بە دادگای باڵای فیدڕاڵی کراوە.
ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین، گەر بڕیاربدات کە کۆبوونەوەکە نایاسایی بووە، ئەوا دەبێت جارێکی دیکە دەرگای خۆپاڵاوتن بکرێتەوە و گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دووبارە بکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، گەر دادگای باڵای فیدڕاڵی داواکە ڕەتبکاتەوە، ئەوا هیچ کەسێکی دیکە جگە لەو دوو کاندیدەی لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا هیچ کەسێکی دیکە مافی خۆپاڵاوتنی نامێنێت، چونکە وادەکەی تەواوبووە.