نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی كۆبوونەوە و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی دەڵێت: 618 ملیار دینارەكە ڕەوانە دەكرێت بەمەرجێك هەرێمی كوردستان لیستی مووچەخۆران بداتە بەغدا.
ئەمڕۆ یەك شەممە ٢٠٢٤/١/٢١ لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆكی لیژنە و چەند ئەندامێكی لیژنەی دارایی پێشوازی لە ژمارەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كرا.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، نوێنەرانی مامۆستایان باسیان لە دۆخی خراپی دارایی و گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێم كرد و داخوازی و پێشنیازەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكان و پرسی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم خستەڕوو.
ڕاشیگەیاند، دوای گوێگرتنمان لە داخوازی مامۆستایان، وێڕای دووپاتكردنەوەی پشتیوانی لیژنەی دارایی بۆ ماف و داواكارییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەریم، جەختمانكردەوە، كە لە هەوڵەكانمان بەردەوامدەبین لەگەڵ هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ بۆ چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٤.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لیژنە لە ماوەی رابردوودا ڕۆڵیان هەبوو لە دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە خەرجكردنی بڕی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی یەك-ی ئەمساڵەوە بەمەرجێك هەرێمی كوردستان لیستی مووچەخۆران و زانیاری تەواو لەبارەیانەوە بداتە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.