دووەمین كۆنفڕانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوامە و ئەمڕۆ سێ ڕاپۆرت گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەش ڕایدەگەیەنن، كە زۆرینەی ئەندامانی كۆنفڕانس لەڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ئەدای حكومەت پێشنیاری “ئامادەكاری بكرێت بۆ كشانەوە لە حكومەت” پەسەند كردووە.
زمناكۆ جەلال، ئەندامی دووهەمین كۆنفڕانسی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە بەشی یەكەمی كۆبوونەوەكەی دووەم ڕۆژی دووهەمین كۆنفڕانسی بزووتنەوی گۆڕان، سێ ڕاپۆت پەسەند كران، كە لە بڕگەی یەكەمدا ڕاپۆرتی پلاتفۆڕمی هەڵبژاردنەكان، لەبڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ئەدای جڤاتی نیشتیمانی بوون.
ڕاشیگەیاندووە، سێ ڕاپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەكان بۆ بەشی دووەمی دووهەمین كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەوانیش ڕاپۆرتی (بەرنامەی سیاسی) و ڕاپۆرتی (هەڵسەنگاندنی كاروچالاكی نوێنەرەكانی گۆڕان لەناو پەرلەمان و حكومەت) لەگەڵ ڕاپۆرتی (هەمواری دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان)ـە و دوای گفتوگۆكردن لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە لەلایەن ئەندامانی دووەم كۆنفڕانسی بزووتنەوەی گۆڕان پەسەند دەكرێن.
هەڵسووڕاوان و ڕۆژنامەنووسانی بزووتنەوەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردەوە، “زۆرینەی ئەندامانی دووهەمین كۆنفڕانس ئەم پێشنیارەیان لەڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ئەدای حكومەت پەسەندكرد، كە “ئامادەكاری بكرێت بۆ كشانەوە لەحكومەت”.