ساڵانە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەكاندا، لەشارەكانی هەرێمی كوردستان فێستیڤاڵی جیاواز بۆ بەرهەمە ناوخۆیی و كوردەوارییەكان دەكرێتەوە و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان سەردانی دەكەن بۆ كڕینی بەروبوومی كوردەواری ڕاستەخۆ لە دەستی خاوەن بەرهەمەكان.
ساكار حەمە كەریم، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێنج شەممە 22-12-2022، فێستیڤاڵی زستانەی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە سلێمانی دەكرێتەوە و 6 ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژانەش لەكاتژمێر 2ی دوانیوەڕۆ تاوەكو 9ی شەو بەردەوام دەبێت.
ڕاشیگەیاند، فێستیڤاڵی زستانە لەناو كارگەی جگەرەكەی سلێمانی دەبێت و 50 دووكان كراونەتەوە بۆ نمایش كردنی بەرهەمەكان، كە كە زۆرینەی بەرهەمی ناوخۆیی و كوردەوارین.
وتیشی، “ئەو بەرهەمانەی نمایش دەكرێن بەرهەمی ناوخۆن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا بەرهەمی ناوخۆ كەمترە، بۆیە دەرفەت دراوە بە بەرهەمی دەرەكیش، بۆیە لەو 50 دوكانە 40 دوكانیان بەرهەمی ناوخۆیین و 10 دوكانیان بۆ بەرهەمی دەرەكی تەرخان كراون”.