سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیپلۆماسی ئەمریکایی، دەڵێت: “هیچ نیازێکمان نییە بۆ داگیرکردنی یەمەن”.
بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممه ٢١-١-٢٠٢٤ ڕایانگەیاند؛ ستراتیژی ئەمریکا له یەمەن تێکدانی توانا سەربازییەکانی حوسییەکانە لەپێناو سنووردارکردنی ئەگەری به ئامانجگرتنی کەشتییەکان له دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ واشنتۆن پۆستیان ئاشکراکردووە: ستراتیژیی ئەمریکا دروستکردنی فاکتەری ڕێگرییە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بتوانن لە ڕێگەی ڕێڕەوی ئاوی ناوچەکەوە بێ ترس و دلەراوکێ دەست بە هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
ئەو بەرپرسانە کە داوایان کردووە ناوەکانیان بڵاونەکرێتەوە، پێشبینی ناکەن ئۆپەراسیۆنی دژ بە حوسییەکان بۆ چەندین ساڵ وەک عێراق و ئەفغانستان و سوریا بەردەوام بێت، بەڵام ڕاشیانگەیاندووە؛ ناکرێت وادەیەک بۆ کۆتاییهاتنی دیاری بکرێت.
واشنتن پۆست، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیپلۆماسی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، “هەوڵی یەکجارەکی شکستپێهێنانی حوسییەکان نادەن، هیچ نیازێکیش بۆ داگیرکردنی یەمەن لە ئارادا نییە، تەنیا ئامانجمان لاوازکردنی توانای ژێرخانی حوسییەکانە. ”
لە ١٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە، دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، گرووپی حوسییەکانی یەمەن دەیان هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان ئەنجامدا.
لە ١٨ی کانوونی دووەمدا واشنتۆن دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی سەربازیی دەریایی فرەنەتەوەیی ڕاگەیاند، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک کە سەلامەتی کەشتیوانی دەریایی نێودەوڵەتی بکاتە ئامانج.
ئەم هاوپەیمانییە لە ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی ئەم مانگەدا، جێگە سەربازییەکانی حوسییەکانیان لە سەنعا، حودەیدە، تائیز، حەجا و سەعدە بۆردومانکرد.
سەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسەندکرد کە تێیدا داوای لە حوسییەکان کردبوو “هێرشەکانیان بوەستێنن” لە دەریای سوور، بە زۆرینەی ١١ ئەندام، چوار وڵاتیش خۆیان لە دەنگدان بەدوور گرت، کە لەنێویاندا ڕووسیا و چین هەبوون.