ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ساڵی داهاتوو بەشەخۆراكی هاووڵاتیان زیاد بكات و 3 ماددەی دیكەش بۆ سەبەتەی خۆراك زیاد بكات و سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی بازرگانی دەڵێت: “لەگەڵ یەكەم بەشەخۆراكی ساڵی نوێ بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت و بۆ ڕێگری لە گرانییە”.
دوێنێ دوو شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و بڕیاریدا بۆ پاڵپشتی لە چینی هەژاران و ئەوانەی داهاتیان دیاریكراوە بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاد بكرێت و چەند ماددەیەكی دیكەش بۆ سەبەتەی خۆراك زیاد بكرێت.
بەپێی بڕیارەكە، زەیت و شەكر دەكرێنە دوو هێندە و ماددەكانی (چا و شیر و ئاردی سفر) بۆ سەبەتەی خۆراك زیاد دەكرێن.
لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، بڕیارەكە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داویەتی لەسەر پێشنیاری وەزیری بازرگانی و لەپێناو كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی بازاڕ و هاوكاری كردنی چینی هەژاران و كەمدەرامەتان.
ڕاشیگەیاند، بڕیارەكە لەسەرەتای ساڵی نوێوە دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەتایبەت كە داهاتی وڵات زیادی كردووە و پڕۆژە یاسای بودجەش ئامادەكراوە و بڕیارە دوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان پەسەند بكرێت.
بە وتەی سەرچاوەكە، “بۆ هەر كەسێك بڕی یەك كیلۆ شەكر و یەك لیتر زەیت زیاد دەكرێت، واتە لە ساڵی نوێوە هەر كەسێك دوو كیلۆ شەكر و دوو دەبە زەیت وەردەگرێت و هەروەها هەر كەسێك 200 گرام چا و 250 گرام شیری وشك و یەك كیلۆ ئاردی سفر وەردەگرێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی ڕایگەیاندووە، تائێستا دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی 11 تەواو نەبووە و ڕۆژانە ئەوەی ماوەتەوە بەسەر هاونیشتمانیان دابەشدەکرێت.
لەبارەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی 12، شەوکەت محەممەد وتویەتی، “بەشێکی بەشەخۆراکی ئەم مانگەیان بەدەست گەیشتووە، لەئەمڕۆوە لەگەڵ بەشەخۆراکی مانگی 11 دابەشی دەکەین”.