وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە كرێی خوێندنی خوێندكارە سێ یەكەمە دانەمەزراوەكان، كە لە خوێندنی دكتۆرا وەرگیراون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم لە فەرمانێكی وزاریدا، كەواژۆی ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو خوێندكارانەی لە دكتۆرا لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستان وەرگیراون و لە خوێندنی بەكالۆریۆس یەكەم و دووەم و سێیەم بوون، ئەوا لە تەواوی كرێی خوێندنی پارالێل بۆ خوێندنی دكتۆرا دەبەخشرێن.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەو خوێندكارەی دكتۆرا، كە لێخۆشبوونەكە دەیگرێتەوە دەبێت لەكاتی خوێندنی ماستەر لە بەخشینی كرێی خوێندن، یان داشكاندن سوودمەند نەبووبێت.
وەك لە فەرمانە وزاریەكەدا هاتووە، “سێ یەكەمە دانەمەزراوەكان، كە لە خوێندنی دكتۆرا وەرگیراون لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، لە كرێی خوێندنیان دەبەخشرێن” بەوەش خوێندكارانی خوێندنی دكتۆرا بە پارالێل، كە ئەو مەرجانەیان تێدایە بە خۆڕایی دەخوێنن.