سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسداران كرایە سەر هەولێر بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما، زوڵمێكی گەورە بوو لە گەلی كوردستان كرا و دەشڵێت: بەم جۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێ بەڵكو بەهێزتر و پتەوتر دەبێت.
ئەمڕۆ چوار شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2024، لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی (بارەگای بارزانی)، “باڵیۆزی بەریتانیا بە بارزانی ڕاگەیاند، كە سەردانەكەیان بۆ گەیاندنی هاوسۆزی و پشتیوانیی وڵاتەكەیە بۆ خەڵك و هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر ئەو پەلامارە بێ پاساوانەی، كە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها پرسە و سەرەخۆشیی خۆی گەیاندە بارزانی بۆ شەهیدبوونی چەند هاووڵاتیەكی سڤیل لەو رووداوەدا”.
باڵیۆزی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی ڕێز لە پاراستنی یەكپارچەیی و سەروەری خاكی عێراق دەگرێت و نابێت عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێنە گۆڕەپانی توندوتیژی وڵاتانی ناوچەكە و پێویستە عێراق و وڵاتانی دراوسێ ڕێز لە سەروەری خاكی یەكتر بگرن.
لای خۆشیەوە، بارزانی بەناوی گەلی كوردستان و بنەماڵەی شەهید و قوربانیانی كارەساتەكەی هەولێر سوپاسی گەڵ و حكومەتی بەریتانیای كرد و وتویەتی، “هەمیشە خوازیاری هەبوونی پەیوەندی دۆستانە و بەهێزی هەرێمی كوردستان و عێراقین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش”.
بارزانی ڕاشیگەیاندووە، ئەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسداران كرایە سەر هەولێر بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما، زوڵمێكی گەورە بوو لە گەلی كوردستان كرا و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بوو.
جەختیشی كردەوە، بەم جۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێ، بەڵكو بەهێزتر و پتەوتر دەبێت.
بارزانی هێمای بەوەشدا، هەرگیز لەگەل گرژی و ئالۆزی و تێكچوونی پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ وڵاتێك نین بە پێچەوانەوە دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان هاوسەنگ و دۆستانەبن، بەڵام ناچینە ژێر باری سەپاندنی بڕیار و سیاسەتی خۆسەپێن لە لایەن هیچ وڵاتێك و دەستبەرداری بەها بەرز و پیرۆزەكانی خۆمان و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان نابین لە ژێر هیچ فشار و پەلامارێكدا.