وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە چوار ماددە بۆ بەشەخۆراكی مانگی ڕەمەزان زیادكران و دەشڵێت: “ماددە خۆراكییەكانی ئاردی سفر و گۆشت و مریشك و هێلكە بە نرخی هەرزان و پاڵپشتی كراو خراونەتە بازاڕەوە”.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، وەزارەتەكەیان ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 5 ملیۆن تەن گەنمی جوتیارانی بە بازاڕ كردووە و بۆ پێویستی ناوخۆ بەكاریهێناوە.
ڕاشیگەیاندووە، فۆڕمی خۆراك پێویستی بە 4 ملیۆن و 600 هەزار تەن گەنم هەیە بۆ ساڵێك و ئەوەی لە كۆگاكان هەیە زیاترە، ئەمە جگە هاوردەكردنی گەنمی بیانی بە بڕی ملیۆنێك و 150 هەزار تەن ئەوەش لەپێناو دابین كردنی ئاسایشی خۆراك تاوەكو هیچ دوودڵییەك نەمێنێ.
وتوشیەتی، “كۆگاكانی بەشەخۆراك پڕن لە بەشەخۆراك بە سەبەتەی خۆراكی هاووڵاتیان و سەبەتەی خۆراكی ئەو خێزانانەی چاودێری كۆمەلایەتی دەیانگرێتەوە، كە 49 ملیۆن سەبەتەی خۆراك بووە، كە 42 ملیۆن سەبەتەی بۆ خۆراكە سەرەكییەكان بووە و 7 ملیۆن سەبەتەی زیادە بووە بۆ ئەو خێزانانەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە”.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاشكراشی كردووە، دڵنیایی بە هاوولاتیان دەدەین بۆ دابین كردنی سەرجەم ماددە خۆراكییەكان بۆ 6 مانگی داهاتوو، هەروەها پلانی دابەشكردنی بەشەخۆراك بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دانراوە و 4 ماددەی خۆراكی زیاد دەكرێن و بەوەش هاوولاتیان لەو مانگە پیرۆزەدا زیاتر لە 10 ماددەی بەشەخۆراك وەردەگرن.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا چەند ماددەیەكی خۆراكی بە نرخی پاڵپشتی كراو و هەرزانتر لە بازاڕ بە هاوولاتیان فرۆشراوە و بۆ ئەمساڵیش ئەو ماددانە بەردەست دەبن بە نرخی هەرزان، كە بریتین لە (ئاردی سفر و گۆشت و مریشك و هێلكە).
بەشەخۆراکەکەی ڕەمەزان پێكهاتووە لە 4 ماددە (ئاردی سفر، نیشاستە، شەعرییە و مەعکەرۆنی) لەگەڵ 7 ماددە سەرەکییەکەی دیکە ( شەکر، زەیت، دۆشاو، برنج، ئارد پاقلەمەنییەکان).