وەزیری دەرەوەی عێراق، كە كوردە و لە پشكی پارتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە ڕایدەگەیەنێت، ڕێككەوتنی ئەمنیمان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام ئەوان ڕێككەوتنەكەیان پێشێل كردووە و دەشڵێت: “لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوتەوە ڕێککەوتووین”.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە “كوردیش هاوس” لە داڤۆس لە پانێڵێكدا ڕایگەیاند، ئەمریكا هاوكاری زۆری عێراقی كردووە و پەیوەندیمان لەگەڵ واشنتۆن تەنها لایەنی ئەمنی و سەربازی لەخۆناگرێت.
سەبارەت بە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێم ڕایگەیاند، ڕێككەوتنی ئەمنیمان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام ئەوان ڕێككەوتنەكەیان پێشێل كردووە و وتیشی، “عێراق نایەوێت کێشەی لەگەڵ ئێران هەبێت. ئێمە گفتوگۆ بەکاردەهێنین، بەڵام ئەوان مووشەک بەکاردەهێنن”.
ئاشكراشی كرد، گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق ڕەنگی داوەتەوە و دەستپێشخەریشمان كردووە تاوەكو هەردوو وڵات بهێنینە سەر مێزی گفتوگۆ.
جەختیشی كردەوە، ئارامی و ئاسایشی عێراق كاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت.
سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا وتی، “بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كێشە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبووە و هیچ كێشەیەك لە بۆری هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا نییە”.
وتیشی، “لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوتەوە ڕێککەوتووین و دوو ڕۆژ پێش ئێستا ڕێككەوتنەكەیان كردووە.”.