ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هەندێك دامودەزگای سەر بە ئێران دەستیان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی ناراست کردووە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر هەولێر و بە هۆیەوە خەڵکی مەدەنی بوونە قوربانی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “دوای ئەو هێرشە مووشەکییە ترسنۆکانەی سەر هەولێر و کاردانەوەی توندی حکومەتی فیدراڵ لە ئیدانەکردن و پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، هەندێ دامودەزگای سەر بە ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپەیوەندیدار، دەستیان بە چەواشەکاری کردووە تاکوو پاساو بۆ کردارە دڕندانەکەیان بێننەوە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “دامودەزگاکانی هەرێم هەموو هاوکارییەکی ئەو لیژنەیە دەکەن کە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی پێکهاتووە و زۆر ئاشکرایە کە ئەم هێرشە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج و ئەم هەوڵانەش ناتوانن ئاراستەی ڕای گشتیی تووڕەی هەرێم و عێراق لە بەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییە بگۆڕن”.
دووپاتیشیکردەوە کە “هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور و یاساکانی عێراق و هەرێمە و، ئەو بەشەی هێزی هاوپەیمانانیش کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە بە ئاگاداری و رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵییە”.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم جەختیشیکردەوە کە “پێویستە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و لە ئاستی نێوەدەوڵەتیش هەنگاوی ڕژد بنرێت تاکوو سەروەریی عێراق و هەرێم بپارێزرێت و هاووڵاتییانمان لە مەترسیی ململانێ ناوچەییەکان بپارێزین”.
شەوی دووشەممەی ڕابردو ئێران بە 11 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر هەولێر و بە هۆیەوە چوار کەس شەهید بوون و شەشی دیکەش بریندارن.