لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی کێشەی مووچەی هەرێم یەکلایی دەکاتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی گونجاو لەو بارەیەوە دەگرێتەبەر.
فەیسڵ نائیلی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕێکاری یاسایی لەو بارەیەوە دەگرێتەبەر، ئاماژە بەوەشدەکات کە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ تەواو ڕوون بوو سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، “بودجەی ساڵی پێشوو دەربارەی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم روون بوون، ئەوەش بەو مانایە دێت ئەگەر حکومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرەکانی لە کاتی خۆیدا یاخود پارەی تەرخانکراوی هەر پارێزگایەکی لە بودجەکەی نەدات، ئەو پارێزگایە کە بودجەکەی بۆ تەرخاننەکراوە مافی ئەوەی هەیە بەشێوەیەكی فەرمی داوا لە بەغدا بكات شایستە داراییەکانی لە بەشەبودجەی هەرێم ببڕێت و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە پێیبدرێت”.