پەلامار و فشارەکان و بایەخی جوان بەڕێوەبردنی ململانێکان



ئیدارەکردنی ململانێکان، ناسینی تواناو کات و بژاردەی خۆت و بەرامبەرەکان و گیانی خۆڕاگری و ئارامیی ستراتیژیی دەخوازێت. هەڵکەوتەی جوگرافی خاکەکەمان، ئاڵۆزی کێشەی کورد، دۆخی عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  ناخۆشمان، پێمان دەڵێن: پەلاماردانی هەولێر کۆتا پەلامار نابێت، بەڵکو پەلامارو فشارەکان بەشێوازی جۆراوجۆر نیمچە بەردەوام دەبن، هەربۆیە دەبێت لە بەڕێوبردنی ململانێکاندا، لەگەڵ ئەوەی کە نەترسین و نەشڵەژێین و بەشەهامەتەوە مامەڵە بکەین، نەرم و پشوو درێژ و متمانە بەخۆو و واقیعیی بین، کاردانەوە شێوە و جۆری کارمان دیاری نەکات، بەڵکو هەرچی دەیکەین بەشێك بێت لەستراتیژێکی هەمەلایەنەو دوور مەدای لەپێشتردا گەڵاڵەکراو.
هەر لەم چوارچێوەشداو لە ڕوانگەی ئەوەی لە دوێنێ شەوەوە تاکوو ئێستا لەمەڕ پەلاماردانی بێ پاساوی هەولێر لە لایەن ئێرانەوە گوزەرا، وەك نموونەیەك، بۆپەلاماردان و فشاری زبر، حەز دەکەم ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بیر خۆمان بێنمەوە:
١- کارکردن وەڵامدانەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی، ناوخۆی هەرێم لە هیچ پرس و مملانێ و جەنگێکدا،٥ پەیوەندی بە ئێران و بەغداو تورکیاوە هەبێت، تا سەر بە یەکگرتوویی نامێنێتەوە.
بەوەش وێنەی ململانێکان دادەبەزن بۆ سەر ئاستی زۆن و حیزبێکی دیاری کراو! ئەمەش لێمان دەخوازێت، کاردانەوەکان بە جۆرێک بن، لانی کەمی کۆدەنگی هەرێم دژ بە پەلامارەکان بپارێزێت، بۆئەوەی سەرنەکێشێ بۆ گواستنەوەی ململانێکان بۆ نێوان هێزەکانی باشوور خۆیان.
دۆخی ئاوارتەش قسەی تایبەتی خۆی دەوێ .
٢- لە کاتی کاردانەوە و بە تایبەتیش ئەنجامدانی خۆپیشانداندا، گرنگە دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراو بێت.
جۆری دروشم، داواکاری و شێوازی نارەزایی دەربڕین، ئاڵا هەڵبڕین، پێشتر دیاری کراو بێت.
بۆ ئەوەی لە هەندێ ڕەفتاری وەک ئاڵا سووتاندنی وڵاتانی ناوچەکەو هەندێ دروشمی توند خۆمان بپارێزین کەلەبەرژەوەندیمان نییەو پاساوی ساختە بەدەست لایەنی بەرامبەرەوە دەدات، بۆ ئەوەش دەبێت ڕێبگرین لە دەستێوەردانی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ناوچەکەو دنیا، بەو وڵاتەشەوە کە چالاکییەکەی دژ ئەنجام دەدرێ.
کە زۆر جار خۆیان بۆ پاساودانی سیاسەتەکانی ئێستاو ئایندەیان ئەو کارە دەکەن و خەڵک دەخزێننە ناو خۆپیشاندانەکان و دروشمیان پێ هەڵدەبڕن یاخود چالاکی نەخوازراوو توندیان پێ ئەنجامەدەدەن .
نموونەش هەڵبڕینی ئاڵای ئیسرائیل بوو لەکۆبوونەوەیەکی جەماوەریی لەهەولێر لەسەروبەنی ڕیفراندۆمەکەی (۲۰۱۷) دا، کەکرا بەکەرەسەی پڕوپاگەندەیەکی ترسناك و کراسەکەی عوسمان دژمان.
۳- دەوڵەتی عێراق لە سنوورێك بترازێت، لەبەر هۆکارگەلێک کە لای هەموومان ڕوون، تووانای هەڵوێستگرتنی نییە، بەتایبەتیش لە مەسەلەیەكدا پەیوەندی بەکۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبێت، خۆرئاواش، لەسۆنگەی ناڕازیبوونی لەدۆخی ناوخۆیی خۆمان و بوونی ستراتیژی تایبەت بەخۆی بۆ ئیدارەدانی ململانێکان، دیسانەوە لە سنوورێکدا گرەوی لەسەر دەکرێت.
٤- یەکجار گرنگە ئەم ڕووداوانە ببنە مایەی ڕاچڵەکاندن ووروژاندنی زۆرتری هەست بە لێپرسراوێتی سیاسی و کۆتایی هێنان بەدۆخی پڕلەناکۆکی وکەرت وپەرتی ودابەشبوونی ئێستای هەرێم و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات ونائومێدی بەشێکی بەرچاوی گەلی باشوور لە پرۆسەو نوخبەی سیاسیی حوکمڕان، هەروەها دەستکردن بە چاکسازییەکی ڕاستەقینە لەدام ودەزگاکان و فۆرمی حوکمڕانیدا، کە خاڵی هەرەلاوازو ستراتیژی ئێمە پێکدە هێنێت.
عێراق سکاڵای لە دژی ئێران تۆمارکرد
پێت عێراق سکاڵای لە دژی ئێران تۆمارکرد
وەزیری دارایی و ئابوری: هەموو هەوڵەکانمان بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکانە لە گەڵ عێراقدا
دوات وەزیری دارایی و ئابوری: هەموو هەوڵەکانمان بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکانە لە گەڵ عێراقدا
پەیوەنیدر