عەلی عەریز جێگری سەرۆكی بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی لە تونس و سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە لەلایەن دادگای توونس بڕیاری زیندانیكردنی بۆ دەرچوو.
ئەم بڕیارە لەسەر ساغبوونەوەی كەیسی ڕەوانەكردنی چەكداری “تیرۆریست و توندڕەو”ە لەلایەن عەلی عەریز جێگری سەرۆكی بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی و سەرۆك وەزیرانی پێشووی توونسەوە بۆ جەنگی سووریا.
لە دوای ساڵی 2011وە لەزۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە جیهادی و تیرۆرست ڕوویان لە سووریا كرد، لەكاتێكدا سەدان گرووپی تیرۆرستی لە سووریادا سەریانهەڵدا لە پێشیانەوە داعش.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی نەهزە دەڵێت ئەو بڕیارە بۆ كردنەئامانجی سەركردەكانیەتی.
ئەم ڕێوشوێنانە دوای دوورخستنەوەی بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامییە لە دەسەڵاتی توونس لەلایەن قەیس سەعید سەرۆكی توونسەوە.
بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی لە دوای ڕوخانی رژێمەكەی بن عەلی 2011ەوە دەسەڵاتی گرتە دەست و لەلایەن گەلی توونس و ئۆپۆزسیۆنەوە بە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات تۆمەتبار كرا.
نەهزە لەلایەن قەیس سەعید سەرۆكی توونس لە دەسەڵات دوورخرایەوە و هەندێك ئەوە كودێتا وەسف دەكەن.