لایەنە کوردستانییەکان هێرشەکەی سەر پایتەخت ئیدانە دەکەن



لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکەی سەر شاری هەولێری پایتەختیان کرد، هاوکات داوای یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکان دەکەن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ڕایگەیاند، بەداخێکی زۆرەوە، جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە پاساوی بێ بنەما لەڕێگای ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و درۆنەوە ھێرشی کردە سەر شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان کە زیانێکی زۆری گیانی لێکەوتەوە.

لە ڕاگەیەندراەکەدا هاتووە: “ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم ھێرشە بێ پاساوە دەکەین کە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بێ تاوان. ئەم ھێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوییە و، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری ھەرێمی کوردستان و عێراقە”.

مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی جیھان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە دژی ئیرھاب و توندوتیژین، بەرامبەر ئەم دەستدرێژیەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە و ڕێگا لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفی ھاوسێیەتییە بگرن و چیتر ھاووڵاتیانی سەربەرزی کوردستان نەکرێنە ئامانجی مووشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، ھەروەھا حکوومەتی فیدراڵ ئەرکی یاسایی و دەستووری خۆی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و سەروەری عێراق ئەنجامدات و چیتر وەکو پێشوو لە ئاست ئەم ھێرش و دەستدرێژیانە بی ھەڵوێست نەبێت.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەبارەی هێرشەکانی سەر شاری هەولێر ڕایگەیاند، هێرش بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ناڕەوایە و سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل دەکەین.

ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە هەر کێشەیەکی سیاسی- ئەمنی هەستیار لە نێوان وڵاتە دراوسێکاندا بەم شێوەیە تاکلایەنە و لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیاسیی و ئەمنی هاوبەش چارەسەر نابن، تەنها ئاڵۆزی و ژینگەی پەیوەندییە ئیقلیمییەکان تێکدەدەن کە سەرەنجام گەلانی عێراق نرخەکەی دەدەن.

یەکێتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەوەشکردەوە، ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵییە کە پێکهاتەیەکی ئیئتلافییە و پشتیوانی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەیە، هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ داکۆکی لەسەر سەروەری وڵات و ئاسایشی هاووڵاتییان و بەکردەوە یەکێتیی ڕیزەکانی گەلی عێراق دووپات بکاتەوە، هەیبەتی نێودەوڵەتی وڵاتەکە بپارێزێت، پێویستە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم و پارتە سیاسیەکانیش بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق رۆڵی زیاتر بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.

لای خۆشیەوە بزوتنەوەی گۆڕان هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین و هاوبەشی خەمی بنەماڵەی قوربانیانین، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، داواکارین لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و یەکگوتاری کوردستانی و کاری پێکەوەیی وەڵامی ئەو مەترسی و ئاڵنگارییانە بدەنەوە.

کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەربارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ڕایگەیاند، نیوەشەوی ڕابردوو بە مووشەک بۆردوومانی چەند شوێنێک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دەوروبەری کرا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئیرانەوە، بەداخەوە بۆردوومانەکان قوربانی لێکەوتوەتەوە، ئەمە یەکەم جارنیە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر پەلاماری دەوڵەتانی دراوسێ، بێگومان ئەمە پێشێل کردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە .

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئێمە لەکۆمەڵی دادگەری ئیدانەی هەر هێرش و پەلامارێک دەکەین کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە بەدەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنن لە نەبوونی مووچە و کەمی خزمەتگوزاری و بۆشایی یاسایی، بەرگەی قەیرانی تر ناگرن”.

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش نیگەرانی خۆی لە هێرشەکەی سەر شاری هەولێر دەربڕی و ڕایگەیاند، سەرکۆنەی موشەكبارانی دوێنێ‌ شەوی شاری هەولێر دەکەین، بە هەمان شێوە سەرجەم هێرش و پەلاماردانێك ڕەتدەکەینەوە كە سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل دەکات.

ڕاشیگەیاند، هەر لەم میانەدا داوا لە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەكەین كە هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوە و رێگە بگیرێت لە هەرجۆرە هەڵکشانێک لەو بوارەدا، كاری جددی بكەن بۆ چارەسەركردنی ریشەیی و رێگریكردن لە تێكچوونی ئارامی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەئەرکی خۆیان هەڵبستن لە پارێزگاریکردن لە سەروەری وڵات .

مەسرور بارزانی: نابێت هێرشەکان بێ وەڵام بمێننەوە
پێت مەسرور بارزانی: نابێت هێرشەکان بێ وەڵام بمێننەوە
سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێمى كوردستان هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌ ده‌كات
دوات سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێمى كوردستان هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌ ده‌كات
پەیوەنیدر