فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەڵوێستی جدی بنوێنیت دژی ئەو هێرشەی کە شەوی ڕابردوو سوپای پاسداران کردییە سەر شاری هەولێر.
ئەمڕۆ سێشەممە، فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ھێرشە تاوانكاریەكەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر شاری هەولێر شەرمەزار دەكەین، كە بەهۆیەوە تەواوی خانەوادەیەكی سڤیل شەهید بوون و ژمارەیەك بریندار بوون.
لە راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتیدا هاتووە: “ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلكارییە بۆسەر سەروەری خاكی عێراق و ھەرێمی كوردستان و یاسا وڕێسا نێودەوڵەتییەكان، بۆیە داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین كە پێویستە رێگری بكرێت بۆئەوەی عێراق چیتر نەبێتە قوربانی ململانێكانی ناوچەكە”.
داواشی کرد “رێگری بكرێت لە پێشێل كردنی بەردەوامی وڵاتانی دەورووبەر بۆسەر سەروەری و خاكی عێراق ، داوا دەكەین حكومەتی عێراق هەڵوێستی جدی بنوێنێت بەرامبەر ئەو هێرشانە بەتایبەت هێرشەكەی شەوی رابردووی سەرشاری هەولێر كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی سڤیل بونە قوربانی و شەهید بوون”.
فراکسیۆنی یەکێتی ڕاشیگەیاند، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدانی هێرشە ناڕەواكەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر دەكەین و هیوای زوو چاك بوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین .