هەڤاڵ ئەبوبەکر بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر ئیدانە دەکات و داوای یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بلاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بە توندیی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان دەکەین، پرسەو هاوخەمیی خۆمان بۆ قوربانییەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین”.
وتیشی: “داواکارین ئەم هێرشانە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕابگیرێن، شەڕ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنها ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناودەبات و کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، ئاسایش و ئابوریی ناوچەکە بەگشتیی دەخاتە ژێر مەترسییەوە”.
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: “داوا لە لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین؛ یەکڕیزیی لە نێوخۆدا بهێننەکایەوەو، خۆیان لەهەر لایەنداریی و هەژمونێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی؛ بەدوور بگرن”.