جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدەن تا پێگەی ژن لە سیاسەت و بازاڕ و کۆمەڵگەی مەدەنیدا بەهێزتر ببێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، پێشوازی کرد لە ئانو سارێلا، باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی فینلەنداشی کرد بۆ هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەتیش لە کاتی شەڕی داعشدا ڕاهێنانیان بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “هەردوولا هاوڕابوون، کە دەبێت کاری زیاتر بکرێت تا ژنان بەشدارییەکی کاراتریان هەبێت لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا”.
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، “هەموو هەوڵێک دەدەن تا پێگەی ژن لە سیاسەت و بازاڕ و کۆمەڵگەی مەدەنیدا بەهێزتر ببێت” و داواشی کرد فینلەندا لەمبارەیەوە یارمەتی هەرێمی کوردستان بدات بەتایبەتیش لە بواری تواناسازی ژنان و بەهێزترکردنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگای مەدەنیدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا، لەمبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕابوون، کە “پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە کاری هاوبەش بکەن بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی”.