سەرەڕای دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەرمیلی بە 103 هەزار دینار، حكومەتی عێراق بڕێك نەوتی ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە و بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی، ئەو نەوتە بەرمیلی بە 60 هەزار دینار لە دەرەوەی شار و ناوچە شاخاوییەكان دابەش دەكرێت.
سەرچاوەیەك لە لیژنەی دابەشكردنی سووتەمەنی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت بڕەكەی دیاری كراوە و 50 ملیۆن لیترە، كە بەشی پارێزگای سلێمانی بە گەرمیان و ڕاپەڕینەوە 21 ملیۆن لیترە.
ڕاشیگەیاند، تا ئێستا نزیكەی 18 تانكەر لەو نەوتە هاتووە بۆ سلێمانی، كە ڕۆژانە 3 بۆ 4 تانكەر دێت و زۆر بە خاوی دێت، كە ئەگەر بەو جۆرە بێت تاوەكو بەهار ئەو بڕە نەوتە بەتەواوی ناگات.
وتیشی، “نەوتەكە بەرمیلی بە 50 هەزار دینار دراوە بە هەرێم، بەڵام بەهۆی كرێی گواستنەوە و پارەی عمولەی بانكی و 1000 دیناری كارتی زیرەكەوە نرخەكەی زیاد دەكات و بە 60 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان”.
ئاشكراشی كرد، سبەینێ یەكەم بەشی لێ بار دەكرێت و ڕەوانەی سنووری پشدەر دەكرێت و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.