زیاتر لە 11 هەزار فۆڕمی دەرچووی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری پێشكەشی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كراون، لیژنەیەكی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵ، هەڵسەنگاندن بۆ فۆڕمەكان دەكات.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتووكاڵ و سەرچاوكانی ئاو، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ساڵانی ڕابردووەوە، هەزاران دەرچووی كۆلێژە كشتوكاڵییەكان و ڤێتێرنەری پێویستیان بە دابینكردنی هەلی كار و بژێوی ژیان هەیە بە سود وەرگرتن لەو ئەزموونە، ئێستا وەزارەتی كشتوكاڵ لەڕێگەی یاسای ژمارە 20 ی سەرپەرشتیارانی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەت لە ماوەی ساڵی ڕابردوو هەڵمەتێكی دەستپێكرد بۆ چارەسەری كێشەی دامەزراندن.
دەشڵێت، لەسەر ئاستی ئیدارە سەربەخۆكان، زیاتر لە 11 هەزار فۆڕمی دەرچووی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری پێشكەشكراون و لیژنەیەكی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵ، هەڵسەنگاندن بۆ فۆڕمەكان دەكات و هەڵیاندەبژێرێت بۆ بەشداریكردن لە چەند خولێك كە لەدوای سەری ساڵ دەستپێدەكەن و تایبەتن بە سەرپەرشتیكردنی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان، بەشداریكردن لە خولەكانیش مەرجی وەرگرتنی ئەو كەسانەیە كە فۆڕمەكانیان پڕكردووەتەوە و لە سەرجەم شارەكان بەڕێوە دەچن، هەلی دامەزراندن دەدرێت بەو كەسانەی لەو خولانەدا سەركەوتن بەدەستدەهێنن.