بەڕێوەبەری نوێی تەندروستی چەمچەماڵ دەستبەکاربوو و بەڕێوەبەری پێشووش پۆستێکی نوێی پێ درا.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، بە ئامادەبوونی سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ كرا.
ڕوونیشیکردەوە سەباح نەسرەدین، دەستخۆشی لە فەرهاد محەمەد بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی چەمچەماڵ كرد ، کە ئیستا وەك بەڕێوەبەری بەشی دامەزراوە تەندروستییە تایبەتەكانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەست بەكاربووە و هیوای سەركەوتنی لە ئەركە نوێیەكەی بۆ خواست.
هەر لەو مەراسیمەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەستخۆشی ئاڕاستەی نورەدین جەلال، كرد كە وەك بەڕێوەبەری نوێی تەندروستی چەمچەماڵ دەستبەكاربوو و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە پێشخستنی کەرتی تەندروستی ناوچەکەدا.