سەفین دزەیی: لە داڤۆس “ماڵی کورد” دادەنرێت



مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێكی بازرگانان و سەرمایەگوزاران بە شادری لە کۆڕبەندی داڤۆسدا دەکەن.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕایگەیاند: “داڤۆس یەكێكە لە كۆڕبەندە گرنگە ئابوورییەكانی جیهان، كە ساڵانە خەڵك بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەكەن، ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكی دەوڵەت و سەرۆك وەزیران و وەزیری جیاجیا و سەرمایەگوزاران و كۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەكان كۆ دەكاتەوە، تێیدا كۆمەڵێك پرسی گەرم لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی باس دەكرێن، جگە لە گفتوگۆی ئەو ڕووداوانەی لە جیهان دەگوزەرێن؛ تا چەندە كاریگەری دەخەنە سەر دۆخی ئابووریی جیهانی.”
وتیشی: “لە هەمان كاتدا كۆڕبەندەكە دەرفەتێكە بۆ دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆی جیاواز. لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش، بۆ یەكەمجار ژمارەیەك لە سەرمایەگوزارەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن، تاكو لەگەڵ هاوتاكانی خۆیاندا هەماهەنگییان هەبێت و كاری پێكەوەیی بكەن.”
“لە هەمان كاتدا، ماڵێكی كوردی بە ناوی “Kurdish House“ دانراوە، بۆ ئەوەی خەڵك سەردانی بكەن و تێیدا ئاشنا بن بە كوردستان و لایەنە ئابوورییەكانی و ئەو دەرفەتانەی بۆ هاوبەشی و كاری پێكەوەیی لەبەردەستن.”
سەفین دزەیی ئەوەشی خستەڕوو کە مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیرانی جیاجیای وڵاتان دیداری دەبێت و هەم لە ڕووی پێشهاتە سیاسییەكان و هەم لە ڕووی دەرفەتی ئابوورییەوە، كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی پێشكەشی بكات، گفتوگۆ دەكات.
54ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس ئەمڕۆ دووشەممە، لە سویسرا دەست پێ دەكات و سەدان كەسایەتیی سیاسی و ئابووری و كۆمپانیا و بازرگانانی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدار دەبن.
كۆڕبەندەكە لە 15 تا 19ـی كانوونی دووەم، بە بەشداریی دوو هەزار و 800 كەسایەتی لە تەواوی جیهاندا بەڕێوە دەچێت، كە 60 سەرۆكی دەوڵەت و حكومەت تێیدا بەشدارن و وا بڕیارە دروشمی سەرەكیی كۆڕبەندەكە “بنیاتنانەوەی متمانە” بێت.
مێرك دۆسێك، بەڕێوەبەری كارگێڕیی كۆڕبەندەكە ڕایگەیاند: “بابەتی سەرەكیی ئەمساڵی كۆڕبەندەكە وەڵامدانەوەیەكی ڕاستەوخۆی ئەو دۆخەیە، كە بووەتە هۆی لاوازیی متمانە لە نێوان كۆمەڵگە و دەوڵەتەكان؛ پرسەكانیش پەیوەستن بە گۆڕانكارییە جیۆسیاسی و جیۆئابووری و ژینگەیەكان و زیرەكیی دەستكردەوە.”

خوێندکاران بۆ دەرماڵە خۆپیشاندان دەکەن
پێت خوێندکاران بۆ دەرماڵە خۆپیشاندان دەکەن
“داهاتی ناوخۆ لای حزبە و لە بێ باکیشدا هاوشێوەی حکومەتی هەرێم نییە لە جیهاندا”
دوات “داهاتی ناوخۆ لای حزبە و لە بێ باکیشدا هاوشێوەی حکومەتی هەرێم نییە لە جیهاندا”
پەیوەنیدر