سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی: نابێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێم دوابكه‌وێت



 

سه‌رۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هیچ جۆرێك نابێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێم دوابكه‌وێت و په‌كبخرێت و جەختیشدەكاتەوە، “فه‌رمانبه‌رێك له‌ زاخۆ ده‌بێت هه‌مان مامه‌ڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌غدا و به‌سره‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت”.

دادوه‌ر جاسم محه‌مه‌د عه‌بو عه‌میری، سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی (العراقیە)ی ڕایگه‌یاندوه‌، دادگا له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی به‌دواداچوونه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌، یه‌كه‌میان پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ پرسێكی زۆر گرنگه‌، له‌ ماده‌ی 14ی ده‌ستووردا دوپاتكراوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت یه‌كسانی له‌ مافه‌كانی نێوان عێراقییه‌كان هه‌بێت، ئه‌م یه‌كسانییه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ده‌بێت فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌كانیان وه‌ربگرن.

ڕاشیگەیاندووە، فه‌رمانبه‌رێك له‌ زاخۆ ده‌بێت هه‌مان مامه‌ڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌غدا و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ و میسان و به‌سره‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، چونكه‌ مووچه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یه،‌ كه‌ بژێوی ژیان و كه‌رامه‌تی هاووڵاتیان مسۆگه‌ر ده‌كات و ده‌یپارێزێت، ناكرێت ڕێگه‌ بدرێت مووچه‌ دوابخرێت.

ئاشكراشی كردووە، ئه‌و كێشانه‌ی له‌ ئه‌نجامی جێبه‌جێ نه‌كردنی پابه‌ندیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌دا داوایان لێكردوه‌ دروست بوون، نابێت ببنه‌ هۆكارێك بۆ ڕێگریكردن له‌ وه‌رگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێم، چونكه‌ ئه‌وان به‌شێكن له‌ گه‌لی عێراق.

سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی دەشڵێت: “حكومه‌تی فیدڕاڵی ده‌بێت كاربكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ و ئێمه‌ ئه‌مه‌ به‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی ده‌زانین، دوباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمدا هه‌یه‌، نابێت ببێته‌ هۆكاری دواكه‌وتن یان په‌ككه‌وتنی مووچه‌، ئه‌وه‌ش پێویسته‌ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی ڕیشه‌یی”.

 

چلەی زستان دەستپێدەكات
پێت چلەی زستان دەستپێدەكات
حكومەتی عێراق بڕیارەكەی بۆ ناردنی مووچەی هەرێم بڵاوكردەوە
دوات حكومەتی عێراق بڕیارەكەی بۆ ناردنی مووچەی هەرێم بڵاوكردەوە
پەیوەنیدر