حكومەتی عێراق دەقی بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ پشكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا بڵاوكردەوە و سەرچاوەیەكیش دەڵێت: “ئەو پارەیە تاوەكو هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە و دواتر بڕەكەی زیاد دەكات”.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەقی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی بڵاوكردەوە، كە یەكەم بڕگەی تایبەت بووە بە پشكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەدا بەپێی “خەرجی فیعلی”.
وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، “ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق بەپێی بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024 و بەپێی (خەرجی فعلی) بە بڕی 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینار بۆ مانگی 1ی 2024”.
لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا، کە مانگانە وەك شایستەی دارایی نەك وەك قەرز بڕی نزیكەی 619 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بكرێت بۆ مووچە.
وەك سەرچاوەكە وتی، “ئەو پارەیە قەرز نییە وەكو پێشوو، بەڵكو بەپێی ڕێژەی 12.67%ی پشكی هەرێم لە بودجەدا و مانگانە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق ڕەوانە دەكرێت”.