هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” ڕایدەگەیەنێت، لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێری شەهید هەڵمەت لە زاپ ٦١ سەربازی تورك كوژراون و دەشڵێت: “لەلایەن گەریلاکانەوە دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی سەربازیدا گیراون”.
ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” لەبارەی چالاکی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە دژی سەربازانی تورک و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەكانی پاراستنی مەدیا ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “لە میانەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێری شەهید هەڵمەت لە زاپ ٦١ داگیرکەر لەلایەن گەریلاکانی ئازادی کوردستانەوە سزادران و چواری دیکەش برینداربوون”.
ڕاشیگەیاندووە، لەلایەن گەریلاکانی ئازادی کوردستانیشەوە لە زاپ دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی سەربازی سوپای تورکدا گیراوە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، سەنگەرەکانی بەرخودانی گەریلا ٢٣ جار لەلایەن سوپای تورکەوە تۆپباران و بۆردوومان کراون.