وەزیری ئاوەدانکردنەوە وادەی کۆتاییهاتنی پڕکردنەوەی یەکەکانی نیشتەجیبوونی بۆ کەمدەرامەتان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تا کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لەمیانی بەڕێوەچونی رێورەسمی سیمپۆزیۆمی تەکنەلۆجیای نوێی بواری رێگاوبان لەزانکۆی سلێمانی، لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبون تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و دواتر لەلایەن لیژنەیەکەوە خاڵبەندی بۆ فۆرمەکان دەکرێت
ئاماژەی بەوەشدا، و ئەو نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبونەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دابەش دەکرێت بەسەر ئەو کەسانەی کە شایستەن بەپێی یاسای نیشتەجێون.
سەبارەت بە رێگای نێوان دەربەندیخان- کەلار، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وتی: “لەماوەی ساڵی پێشوتر و پێش دەستبەکاربونی ئێمە ئەو رێگایە تەنها لە 15٪ی جێبەجێ کرابو، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربونی ئێمەداو سەرەڕای قەیرانە داراییەکان رێژەی جێبەجێکردنمان گەیاندوەتە 65٪، ئەگەر گرفتی داراییش دروست نەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێگایە تەواو دەکەین”.