کاسبکارانی شاری سلێمانی نامەیەک ئاڕاستەی دەسەڵاتداران دەکەن و هۆشداری لە بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان دەدەن.
كاسبكارانی گەڕەكی ئاشتی لە سلێمانی نامەیەک ئاڕاستەی بافڵ تاڵهبانى ، قوباد تاڵهبانى، لاهور شێخ جەنگی و هەڤاڵ ئەبوبەكری پارێزگاری سلێمانی دەکەن، ڕایدەگەیەنن، “لە سنووری سلێمانی كەسابەت زۆر خراپ بووە و سلێمانیش بووە بەگوندێكی گەورەی وێران”.
لە نامەی كاسبكارانی گەڕەكی ئاشتیدا هاتووە، ” ئێمە چەند دوكاندارێكینم و لەناو جەرگەی سلێمانی بە نانەوا، سەمونخانە، نوسینگەی خانوبەرە، دوكانی بەقاڵی و دوكانەكانی دیکە، كەسابەت و ڕسقمان لە ئەم شارە نەماوە و مانگانەی دوكان و كەسابەتەكەمان بووە بە زەرەر”.
کاسبکاران ئاماژەیان بەوەشکردووە کە بە دەست كێشە سیاسییە بەردەوامەكانی سلێمانییەوە، ژیان و مەعیشەتیان نەماوە، “ڕۆژێ كێشەی سیاسی ناو یەكێتی، ڕۆژێك هەڵكوتانەسەر خەڵك لەلایەن هێزی سەربازیی، ڕۆژێكیش درۆن و تەقینەوە”.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “ئیدارەی سلێمانی زۆر خراپ بووە، كەسابەت و ژیانی تیادا نەماوە، بە تەواوی سلێمانی بوەتە گوندێكی گەورەی بێ خزمەت و بێ ژیان”.
كاسبكارەكان هۆشدارییانداوە بەدەسەڵاتدارانی سلێمانی لە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشە و نوسیوویانە، سەرجەم شادەمارەكانی خۆشی، ژیان و كەسابەت لە شارەكە خەریكە وشكدەكات، هەموو ئەو كێشانەش كە ئێمە لێی زەرەرمەندین، ئێوە لێی بەرپرسن و ئێمەش زەرەرمەندی سەرەكین و كرێی دوكانەكانمان پێنادرێت و ناشزانین پەنا بۆ كێ ببەین”.