دووەمین کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمایی کوردستان کۆتاییهات، هاوکات ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، “قەیرانی مووچە بەردەوام نابێت”.
سەبارەت بە کۆنفرانسەکە ڕاگەیاندنی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، “دووەمین کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە سەرکەوتووی کۆتایی هات، هەر پێنج لیژنەکە ڕاپۆرتەکانیان پێشکەشکرد، لیژنەی سەرپەرشتاری کۆنفرانسەکەش لەو ڕاپۆرتانە پوختەیەکی پێشکەشی هەریەک لە لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری و لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی کرد”.
لە میانی کۆنفرانسەکەدا ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، ئەو قەیرانەی لە ئێستادا تەواوی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و کاریگەرییەکی خراپی لەسەر مووچەی هاووڵاتییان دروستکردووە بەردەوام نابێت، ئاستی بودجە و سیستمی دارایی هەرێم بەرزدەکرێتەوە.
عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی لە دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی خراپی ئێستای ئابووری و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام نابێت و بودجە و سیستمی دارایی هەرێم بەرزدەکرێتەوە..
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەوڵبدرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا چارەسەری قەیرانەکان بکرێت کە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و هەمو لایەن و بوارێکی گرتوەتەوە، دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی قورس کردووە.