زۆربەی خەڵک بتڵی ئاوی پلاستیکی بە جۆر و قەبارەی جیاواز بەکاردەهێنن، چونکە پێیان وایە سەلامەتتر و تەندروستترە، جگە لەوەی بەکارهێنانی لە بۆنە تایبەتەکاندا ئاسانە، بەڵام ئەوەی لەم دواییانەدا ئاشکرا بوو ڕەنگە شۆککەر بێت و وابکات بیر لە وەستان لە بەکارهێنانی بکەینەوە.
توێژینەوەیەکی ئەم دواییە دەرکەوتووە کە بتڵێکی ئاو ٢٥٠ هەزار پارچە پلاستیک لەخۆدەگرێت، بەو پێیەی زاناکان پۆلێکی نوێی پیسبوونیان دۆزیوەتەوە کە پێی دەوترێت “نانۆگەردیلە” کە لە ئەنجامی تێکشکانی مایکرۆپلاستیکەکان دروستدەبن.
تەکنەلۆژیایەک کە زانکۆی کۆڵۆمبیا پەرەی پێداوە، دەریخستووە کە بڕی ڕاستەقینەی پارچە پلاستیکەکان کە لەناو ئاودایە ١٠٠ هێندە زیاترە لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە، بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی “The Telegraph”ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە.
نانۆگەردیلەکان
زاناکان حەوت جۆری باوی پۆلیمرە پلاستیکییان بە بەکارهێنانی لەیزەر کردووەتە ئامانج، بۆئەوەی بارستە و بڕی نانۆگەردیلەکان لە قەبارەیەک ئاودا دەستنیشان بکەن.
توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، یەکێک لە ماددە پلاستیکییە باوەکان بریتییە لە (PET) یان ئەوەی پێی دەوترێت پۆلی ئیتیلێن تێرفتالێت، کە هەمان ئەو مادەیە کە لە دروستکردنی شووشەی پلاستیکیدا بەکاردەهێنرێت، پارچە بچووکەکانی مادەکە لە کاتی بەکارهێنانیدا دەشکێن و دواتر دەگەنە ئاوەکە کاتێک بوتڵی کەچاپ، خواردنەوە وەرزشییەکان یان سۆدە شی دەبنەوە.
ڕێژەی پلاستیکی ناو ئاو مەترسیدارە
هاوکات دەوترێت ڕێژەی ڕاستەقینەی پلاستیک لە ئاوەکەدا زۆر زیاترە لەوەی کە توێژینەوەکە دەریخستووە، بەو پێیەی تیمەکە دەڵێن ئەو حەوت جۆرە پلاستیکە تەنها نزیکەی ٪١٠ی سەرجەم پلاستیکەکانی بوونیان پێکدەهێنن، هۆشداری دەدەن لەوەی کە ڕادەی ڕاستەقینەی پیسبوونی ئاو ملیۆنان نانۆگەردیلەیە لە هەر لیترێکدا.
جگە لەوەش زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە مایکرۆپلاستیکەکان هێشتا دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی زیاتر لە پارچە بچووکەکان بەپێی کێش، بەڵام زۆری ژمارەی پارچە بچووکەکان خۆی لە خۆیدا هۆکارێکی نیگەرانییە.
جێگای سەرنجە تا ئێستاش کاریگەرییە تەندروستییەکانی پیسبوونی پلاستیک لە خواردن و خواردنەوەکاندا تاڕادەیەک نادیارە و لێکۆڵینەوەی قورسە، بەڵام مادەی پلاستیکی لە شانەکانی ئەندام و سووڕی خوێندا دۆزراوەتەوە، هەروەها لە شانەکانی ڕووەک و ئاژەڵەکانیشدا کە دەیخۆین.
مۆلیکولە بچووکەکان بە ئازادی زیاتر لە ڕێگەی ڕیخۆڵە و خوێنبەرەکانەوە دزە دەکەن، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات قووڵتر بڵاوببنەوە بۆ ناو جەستە و شانە جیاوازەکان، لەنێویاندا مێشک، لەوێدا زیانی پێدەگەیەنن.
٢٤٠ هەزار پارچە پلاستیک بۆ هەر لیترێک ئاو
لە کاتێکدا داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لیترێکی ستانداردی ئاو ٢٤٠ هەزار پارچە پلاستیکی تێدایە کە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت، بەڵام پێدەچێت ژمارە ڕاستەقینەکە بگاتە ٣٧٠ هەزار پارچە.
لە هەر ١٠ پلاستیک نۆ پلاستیک نانۆپلاستیکن، هەر بۆیەش بچووکترن لە مایکرۆمەترێک یان مایکرۆنێک، کە دەکاتە یەک لەسەر ملیۆنی مەترێک، واتە ١/٢٥ هەزاری ئینجێک.