ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران نوێترین زانیاری دەربارەی کێشەی مووچە و بودجەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، دەنگێکی جدی هەیە بۆ جیاکردنەوەی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “گفتووگۆی هەرێم و بەغدا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە بۆ هەمواری یاسای بودجە و پێدانی قەرز بە هەرێم تا کاتی هەمواری یاساکە، هەردوولاشیان لە گفتووگۆدان لەسەر مەسەلەی نەوت و غاز.”
دەربارەی ناوەڕۆکی بەرەوپێشچوونی وەفدی هەرێم و بەغدا، شوان محەمەد وتی، “دەنگی جدی نابیسترێ بۆ دژایەتیکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە. دەنگێکی ئیجابیش هەیە بۆ جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەململانێی سیاسی. ڕەنگە هەفتەی داهاتووش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ناردنی پارە بە قەرز بۆ هەرێم بکات.”
دوێنێش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا :خۆشحاڵی دەربڕی لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاراستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت وبەندانەی یاساکە، کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە ومووچەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت”.
سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجومەنی وەزیران، جەخت لە هەڵوێستی خۆی کردەوە کە حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدڕاڵە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات و ڕایگەیاند، لەم ڕووەوە، بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.