ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و تیایدا گفتوگۆ كرا لەسەر چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و پرسی مووچە و بودجە و ڕایگەیاند، چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدڕاڵە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،، ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕێت لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاساکە، کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مووچە، کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.
سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجومەنی وەزیران ئاماژە بەوەدەکات، حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشیان لە حکومەتی فیدڕاڵە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
جەختیش دەکاتەوە، بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێم:
چوار شەممە 10ی كانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە لایەن بەڕێزان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدرال و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ هەوڵەکانیان لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی زانیاری پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری لە بواری میلاکی وەزیفیی و نەوت و داهات و خەرجیە نەوتیی و نانەوتییەکان، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕی لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاراستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت وبەندانەی یاساکە، کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە ومووچەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.
سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجومەنی وەزیران، جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدڕاڵە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە، بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆمان لە بارەی ڕێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كرد تایبەت بە دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی ڕێگە گشتییەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لە سەر ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەکان کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
وێڕای ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ڕێگا و شەقام و شوێنە گشتیيەکان وەک موڵکی گشتیی لە هەر زێدەڕۆییەک کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیيان بگەیەنێت بە گوێرەی ئەو ڕێکار و میکانیزمانەی لە ناو یاسای پاراستنی ڕێگا گشتیەکان هاتوون. لە هەمانکاتدا داواشمان کرد لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ زێدەڕۆییەکان بکرێت .لەم ڕووەوە ئەنجومەنی وەزیران، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، موڵکیی گشتی و ڕێگا و شەقامەکان لە هەر زێدەڕۆییەک بپارێزن کە دژ بە بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیيانە.