پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا دەکرێتەوە و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین کۆمپانیا لە وڵاتە جیاوازەکانەوە بەشداری تێدا دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، ٤٧ەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا دەکرێتەوە، بە بەشداری ٨٥٠ کۆمپانیای جیاواز لە ٢٠ وڵاتەوە.
محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، سعودیە سپۆنسەری فەرمی کۆنفرانسەکەیە و ١٤٠کۆمپانیای جیاواز بەشداری دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەشت وڵاتی عەرەبی و ١٢ وڵاتی بیانی بەشداری پێشانگاکە دەکەن، ئەوانیش سعودیە، ئیمارات، ئوردن، میسر، سوریا، عومان و فەڵەستین، وڵاتانی بیانی وەک: ئیسپانیا، هیندستان، پاکستان، ئەندەنوسیا، تایلەند، جەزائیر، ئازەربایجان، فلیپین.
محەممەد حەنون، باسی لەوەکرد، پێشانگاکە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و لە ١٩ی ئەم مانگە کۆتایی دێت، هەوڵدەدەین لە ڕێگەی ئەم پێشانگایەوە هاوبەشی ڕاستەقینە لەنێوان کەرتی تایبەتی عێراق و نێودەوڵەتیدا دروستبکەین.