دوابەدوای بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، دەوامی خوێندنگەكانی سنووری پەروەردەی شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی دەستی پێكردەوە و بەڕێوەبەری پەروەردە داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكات، ” به بڕیارێک به کارێک به قسهیهک، ئهو نیگهرانیهی مامۆستایان و فهرمانبهران ههیانه نهیهڵن”.
خوێندنگەی سورەقەڵاتی بنەڕەتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، “ئاگاداری خوێندكارانی قوتابخانەکەمان دەکەین کە ڕۆژی (چوار شەممە) ڕێکەوتی (٢٠٢٤/١/١٠) دەوامی فەرمی خوێندنگە دەست پێدەکاتەوە داواکارین سەرجەم خوێندكاران لە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەک ئامادەبن”.
بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لە بەشێكی زۆری خوێندنگەكانی سنووری پەروەردەی شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێكردۆتەوە و ئەمڕۆ بەشێكی خوێندنگەكان دەوامیان كردووە و سبەینێ بەشێكی تریان دەوام دەكەن.
هاوكات، خوێندنگەی ڕەئوف عەلی ئەفەندی بنەڕەتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەستپێكردنەوەی دەوامی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەكردووە، سبەینێ چوار شەممە خوێندن دەستپێدەكاتەوە.
لای خۆشیەوە، ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، (مامۆستایان، فەرمانبەران، خوێنکاران) ئاگادار دەکەین، کەڕۆژی چوار شەممە١/١٠ هەموو پۆل و بەشەکان دەوام ئاساییە.
لای خۆشیەوە، لەتیف حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ لە پەیامێكدا، كە “وەك خزمهتکارێکی پهروهرده” بڵاویكردۆتەوە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، “داوا دهکهم و هیوادارم له کۆبوونهوهی سبهینێی ئهنجوومهنی وهزیراندا، به بڕیارێک به کارێک به قسهیهک، ئهو نیگهرانیهی مامۆستایان و فهرمانبهران ههیانه نهیهڵن “.
ڕاشیگەیاندووە، “نهمانی یهکجارهکی نیگهرانی و دڵهڕاوکێی مامۆستایان و فهرمانبهران و خوێندکار یهک ههنگاوی پێویسته و لای ئێوهیه، بۆیه تکایه لهوه زیاتر دوای مهخهن”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە وەزارەتی پەروەردە لە گشتاندنێكدا بۆ پەروەردەكان ئاماژەی بەوەكردووە، داواكاری مامۆستایان بۆ پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان بە گرێبەست ئەنجام بدرێت هەر كاتێك یاسای بودجەی عێراق هەموار كرایەوە و شایستە داراییەكانی هەرێم ڕەوانەكرا.
هاوكات، هەر ئەمڕۆ لە چەند خوێندنگەیەكی ناو شاری سلێمانی دەوام دەستی پێكردۆتەوە، بەڵام زۆرینەی مامۆستایان بەردەوامن لە بایكۆت و داوای جێبەجێ كردنی داواكانیان دەكەن.