ئەندامێکی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق بەرپرسیارێتی دانەبەزینی نرخی دۆلار دەخاتە ئەستۆی هەندێك بەرپرس و دەڵێت، گەندەڵکاران سوود لەو دۆخە وەردەگرن.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، بە هۆی بەردەوامبوونی بەقاچاخبردنی دۆلار و سپیکردنەوەی پارە لە ڕێی بانک و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە، حکومەتی عیراق نەیتوانیوە نرخی دۆلار بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات و کاریگەریی هەموو ڕێکارەکانیش سنووردار بوون.
سۆران عومەر ئەوەشی خستەوو کە سەرباری بەردەوامبوونی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی، بەڵام هێشتا جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا زۆرە و هەندێک جار دەگاتە 25 هەزار دینار.
پەرلەمانتارەکە ڕاشیگەیاند، “گەندەڵکارەکان سوود لە بەرزیی نرخی دۆلار وەردەگرن و یاریکردن بە نرخی دۆلاریش لە بازاڕی ڕەشدا هەندێك بەرپرسی لەپشتە” داواشی کرد چارەسەری ڕیشەیی بۆ دیاریکردنی نرخی دۆلار بدۆزرێتەوە، چونکە بەردەوامبوونی دۆخەکە بەو شێوەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری عیراق دروست دەکات و ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە و دەرەنجامی نەخوازراویشی لیدەکەوێتەوە.
هەرچەندە بانکی ناوەندی نرخی 100 دۆلاری بە 132 گەزار جێگیرکردووە، بەڵام لە بازاڕەکاندا بە 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.